پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

کوژرانی جۆرج فلۆیدی ئەمریکایی و فریوکاری دەسەڵاتداران لە ئێران!

کوژرانی جۆرج فلۆیدی ئەمریکایی و فریوکاری دەسەڵاتداران لە ئێران!

عەلی بەهرامی

عەلی بەهرامی 
رۆژی 25ی مانگی مەی 2020 لە شاری مینیاپولیس لە ویلایەتی مینەسوتای ئەمریکا، پیاوێکی رەش پێست بەناوی جۆرج فلۆید لە ژێرچۆکی پۆلیسێکی سپی پێستدا کوژرا.
ئەو رووداوە هەر زوو لە میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی ئەمریکادا بڵاوبویەوەو بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی خەڵک دژی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی پۆلیسە سپی پێستەکە. ئەو نارەزایەتیانە نە تەنیا لە ئەمریکا بەڵکو لە زۆربەی پێتەخت و شارە جیاجیاکانی وەڵاتانی جیهان دژ بە رەگەزپەرەستی و جیاکاری رەگەزی بەرێوەچوو.
نارەزایەتیە جەماوەریەکانی ئەمریکا و جیهان دژ بە گیان لەدەستدانی جۆرج فلۆید، بە رێژەیەک کاریگەر بوو کە دادگای ئەمریکا بریاری بۆ گرتنی ئەو پۆلیسە و حەوت کەسی دیکە لە هاوڕێکانی دەرکرد و لە دوای دادگایی کردنیان حوکمی قورسیان بە سەردا سەپێندرا.
لە کاردانەوەکان بە کوژرانی جۆرج فلۆید، ژمارەیەک لە سەران و بەرپرسی حکومەتەکانی رەقیبی ئەمریکا هەڵوێستیان گرت و داشداریان لە جۆرج فلۆیدی رەش پێست کرد و سیستەمی ئەمریکا و بەتایبەت دەسەڵاتی ئێستای کۆشکی سپیان خستە ژێر پرسیارەوە. یەکێک لەوانە خامنەیی ڕێبەر و ئاخوند رۆحانی سەرۆک کۆماری رژیمی ئاخوندی بوون کە هەڵوێستیان گرت و فرمێسکی تیمساحیان بۆ جۆرج فلۆید ڕشت. ئاخوند روحانی کە لە پەیامێکی ویدۆییدا قسەی لە سەر چەند بابەتێک و بەتایبەت رووداوی جۆرج فلۆید کرد و بە کارەساتێکی جیهانی ناوبرد، ناوبراو وتی ئەوە دەرخەری ئەو راستیەیە کە هێشتا بۆ گەیشتن بە تەمەدونی جیهانی و مرۆڤ سەروەری کە بۆ پێشرەوان، پیاوچاکان و بەتایبەت پێغەمبەری ئیسلام گرینگ بووە، مەودای زۆری ماوە.
ناوبرا هەروەها وتی ئێمە لەگەڵ هەموو خەڵکی ئەمریکاین کە بەهۆی کوشتنی جینایەتکارانەی رەش پێستێکی ئەمریکایی بە دەست پۆلیسی ئەو وەڵاتە، لە شەقامەکاندان هاودەردی و هاوخەمی دەکەین، وە هەروەها وتی: ئینجیل کتێبێک نیە کە فەرمانی کوشتنی بێ تاوانێک بدات، جێی شەرم و ئابروو چوونە کە سەرۆک کۆمارێک دەیەوێ دژ بە نەتەوەکەی هەنگاو هەڵبگرێ، دەست دەداتە ئەو کتێبە ئاسمانیە و ئەو کردەوەیەی ترامپ دەبێتە هۆی توورەیی هەموو دینە ئیبراهیمیەکان. کتێبی پیرۆز بە لای ئێمەیشەوە پیرۆزە و ئێمەیش رێز لە ئینجیل و عیسا دەگرین.
ئاشکرایە ئەوەی لە ئەمریکا روی دا ویژدانی هەموو مرۆڤێکی هەژاند و کردەوەی ئەو پۆلیسە ئەمریکاییە ئازاری مرۆڤایەتی دا. بەڵام وەکوو بینیمان بکەرانی ئەو کردەوە گیران و دادگای وەڵاتی ئەمریکا حوکمیان دەداو سزا دەدرێن. 
ئەوەی روونە هەموو ئەو فرمێسکانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێران کە بەناوی داشداری لە مرۆڤایەتی و پیرۆزیەکانەوە لە سەر ئەو رووداوە، رژان، ریا و فریو و روو هەڵماڵدراوی ئەو کەسانە بەتایبەت ئاخوند رۆحانی بوو.
ئاخوند رۆحانی لە کاتێکدا باس لە جۆرج فلۆید و پۆلیسی ئەمریکا دەکات کە رژیمی ئاخوندی و خودی رۆحانی دەستێکی باڵای لە خوڵقاندنی جینایەت و رشتنی خوێنی هەزاران کەسی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەبووەو هەیە. رۆحانی کاتێک باس لە کتێبی پیرۆز دەکات و لۆمەی دۆناڵد ترامپ دەکات بۆ بەدەستەوە گرتنی کتێبی پیرۆز، کە خومەینی رێبەر و دامەزرێنەی رژیمەکەی بەناوی قورئانی پیرۆز و دینی ئیسلامەوە فتوای جیهادی نارەوای دژ بە نەتەوەی کورد ڕاگەیاندو هەموو ئەو ئاخوندانەی سەریان لە ئاخوڕی رژیمەکەی رۆحانی دا بوو لە حاست ئەو کردەوە دژە دینی و دژی مرۆڤایەتیە کە لە کوردستان ئەنجام دەدران و پێچەوانەی کتێبی پیرۆزی قورئان بوون، بێ دەنگ بوون یان پشتیوانیان لێ دەکرد.
ئاخوندانی دەسەلاتدار کاتێکدا بەناوی رژیمەوە لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا هاودەردی دەکەن، کە چل ساڵە هەرچی سەرکوت و جینایەتە دژ بە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە ناوی دینی خوا و هەموو پیرۆزیەکانەوە ئەنجام داوەو دەرد و ئازاری بێ ئەژماریان تووشی خەڵکی ئێران کرد و بۆ هەر جینایەتێکیان لە راست خەڵک، ئایەت و بەڵگەیەکی کتێبە پیرۆزە ئاسمانیەکانیان هێنایەوە.
ئەگەر ئینجیل کتێبێک نیە بریاری کوشتنی بێ تاوانان بدات، بێگومان قورئان و کتێبە ئاسمانیەکانی دیکەش نەهیان لە کوشتنی مرۆڤی بێ تاوان کردووە، بەڵام ئەو ئاخوندە دژە مرۆیانە کە تەنیا شێوەیان لە مرۆفی ئاسای دەچێ و کردەوەکانیان هاوشێوەی دڕندەکانە، لەسەر چ ئەساسێک بریاری کوشتن و برینی دەست و پێ و هەڵکۆڵینی چاوی ئەو سەدان مرۆڤە بێ تاوانە کورد و ئێرانیانەیان داو هەر درێژەی پێدەدەن؟!
ئەگەر بەدەستەوە گرتنی کتێبی پیرۆز لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە شەرم و شوورەیی هەموو دینە ئیبراهیمیەکان بێ، ئەوە پەناگرتن لە پشت کتێبە پیرۆزەکان و دەسەڵات کردن بە پێی دین و گەندەڵی و کوشتوبڕی خەڵکی ئێران و ئەو هەموو ئاژاوەگێڕیەی ئاخوندان لە ناوچەکەدا، سنوور و مەرزی هەموو شەرم و شوورەییەکانی تێپەراندووە. ئەوەی ئاخوند رۆحانی باسی لێدەکات تەنیا روو هەڵماڵدراویەو ئەو ئاخوندانە نەک هەر بۆ ئینجیل و مەسیح بەڵکوو گەورەترین بێ رێزیان بە دینی ئیسلام و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان لە ئێران کردووە. 
40 ساڵەی ئاخوندان بە ناوی دینی ئیسلامەوە ئەو راستیەی بۆ هەموو لایەک نیشان داوە، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن بێ رێزیە بە تێکڕای دین، قانوون، یاسا و رێسا ئاسمانی و زەمینیەکان. 
کۆتا قسە ئەوەیە لە دوای کوژرانی جۆرج فلۆید دادگای ئەمریکا رێچکەی دادپەروەرانەی خۆی گرت و سزای بەسەر تاوانبارانی رووداوەی 25ی مەی دا، بەڵام لە ئێرانی ئاخوند لێدراودا کە 40 ساڵە بە ناوی دین و مەزهەبەوە جینایەت و تاوان بەرێوەدەچێ و هەموو ئاخوندان و پاسدارو کاسەلێسەکانیان کە هەتا ئەنیشکیان بە خوێنی خەڵکی بێ تاوانی ئێران سوورە، تەنیا کاتێک بە سزای خۆیان دەگەن کە یاسا و رێسا و دادگایەکی دادپەوەر و دەسەڵاتێکی خەڵک پەسەند و دیموکراتیک بێتە ئاراوەو ئەو کات هەموو تاوانباران ببرێنە بەردەم دادگا و سزای شیاو بدرێن، ئەوە ئەوکاتەیە خەڵکی ئێران دەرد و ئازارەکانیان نامێنێ و برینەکانیان سارێژ دەبێ.


4 ساڵ و 5 مانگ و 13 ڕۆژ و 21 کاتژمێر و 33 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

کوژرانی جۆرج فلۆیدی ئەمریکایی و فریوکاری دەسەڵاتداران لە ئێران!

کوژرانی جۆرج فلۆیدی ئەمریکایی و فریوکاری دەسەڵاتداران لە ئێران!



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن