شۆڕش حاجی
شۆڕش حاجی
هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی رەشی ئاخوندی لاپەرەیێکی نوێی دیار و بەرچاوی لە مێژووی وەڵاتی ئێران هەڵدایەوە. هەڵبەت بەرچاو نە لە بواری پێش کەوتن و خێر و بەرەکەت، بەڵکو بەرچاو لە مێژووی رۆژە ڕەشی و نەهامەتی و جینایەت و لەناوبردن و خاپوور کردن بە واتای ووشە لە هەموو رەهەند و بەستێنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کلتووری خەڵکی ئێران.
جیاواز لە رەهەندەکانی تر بەشیک کە لە ماوەی ئەو 4 دەیەی دەسەڵاتداریەتی ئاخوندان شاهێدی لەناو چوونی بووینە بەشی ژینگە و ژینگەپارێزییە.
کە باسی ژینگە لە چوارچێوەی حوکمی ئاخوندان دەکرێ، یەکەمین شتەکان کە بەرچاو و بە زەینمان دەگات ووشکبوونی زەریا و رووبارەکان، سووتانی دارستان و لەناوچوونیان، کارەساتی لافاو و هورووژمی تۆز و خۆڵ، لەناوچوونی مەزرا و خاکە پڕ پیتەکان و دەیان بەڵای ترە.
لە رۆژانی رابردوو دیسان شاهێدی کارەساتی سووتانی دارستانەکان و لەناوچوونی ژینگە و ئاژەل و رووەک و زیندەوەرە دەگمەنەکانی زاگرۆزبووین.
زیاتر لە 10 رۆژە دارستانەکانی داڵاهۆ لە ئاگر دا دەسوتێن و سروشتی زاگرۆس لە حاڵی بوون بە خۆلەمێشە، داربەڕووەکانی بە جێماوی چاخی بەستەڵەک لە چرکە ساتێکدا بوون بە خەڵووز و لەناو چوون.
دیاردەی سووتان و لەناوچوونی دارستانەکانی کوردستان و ئێران بابەتێکی تازە نین و هەتا ئێستا بە سەدان جار ئاگر لە دارستان و مەزراکان بەردراوە و تا ئێستاش ئەو رەوتە خەریکە زیان بە ژینگە دەگەینێ و ڕێگە چارە و رێگەکارێکی دروست بۆ بەرگرتن لە ڕودانی ئەو کارەساتانە نەکراوەتەوە. بێگومان ئەوەی کە رێگەکارێک بوونی نییە ناگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە هەل و مەرج و دۆخەکە رێگە نادا، بەڵکو ئەوە زیاتر دەستی دەسەڵاتدارانی ئاخوندی و کەمتەرخەمیەکانی ئەو دەسەڵاتە لە ڕاست چارەنووسی وەڵات و خەڵکەکەی و بە تایبەتی سیاسەتی سوپای پاسدارانی لە پشتە.
هەوڵ نەدان بۆ کپ کردنەوەی ئاگر لە وادەی خوی و نەناردنی هێزی مرۆیی و ئیمکاناتی پێویست و هەلیکۆپتەری تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگر رێگە بۆ تەشەنەسەندنی خێرایی ئاگر خۆش دەکەن و ئەوە لەکاتێکدایە ئەگەر بۆ سەرکووت کردنی خەڵکی نارازیی بێ بە خێرایی هەموو هێزەکانی ئاسمانی و زەوی بە هەموو ئیمکاناتەوە دێنە ناو بابەتەکە و بە خێرایی بە زەبر و زەنگ ڕوبەرووی خەڵک دەبنەوە.
بەداخەوە لەوەڵاتی ئێران حکوومەت ئەوپەری کەمتەرخەمە و ل ەڕوداوی لەمچەشنە تا چالاکانی سەربەخۆی ژینگە و کۆمەڵانی خەڵک وەخۆ دەکەون بۆ پاراستنی ژینگە، خەسارەتێکی گەورە دروست بووە و وەک ئامارەکان نیشانی ئەدەن لەماوەی ساڵانی پێشوو دوو لەسەر شەش بەشی ژینگەی زاگرۆس لەناو چووە. هەڵبەت ئەوە بەشێک لەهۆکارەکان دەگەرێتەوە بۆ کەمتەرخەمیەکانی دەسەڵات، بەشێکی تری سیاسەتی خودی دەزگاکانی رژیم و دەستی سپای پاسدارانی لە پشتە و بە ئامانجی کەمکردنەوەی داپۆشراوی ئەو ناوچانە لە رووەک و دار، ساڵانە ئاگر لە دارستانەکانی کوردستان بەردەدرێ و بە باوەڕی خاوی خۆیان حەشارگەی دژە شۆڕشەکان بەمجۆرە لە ناو دەچن. سیاسەتی رژیم لە ڕاست ژینگە سیاسەتێکی جینایەتکارانە و خائینانەیە و ئەو ڕەوتە وادەکات ئەو سەروەت و داهاتە سروشتیانەی لەماوەی سالیانێکی دورودریژەوە پێکهاتوون لە چرکە ساتێکدا لەناو بچن و بەمجۆرە خەیانەت لە نەوەکانی داهاتوو بکرێت و موڵکی گشتی بە فیرۆ بچێ.
نابێ فەرامۆش بکرێ چاوەڕوانی لە دەسەڵاتێکی لە چەشنی ئاخوندانی ئێران بۆ پاراستنی ژینگە و رێگری کردن لە سووتانی دارستانەکان چاوەڕوانیەکی دوور لە راستیە و وەک چۆن بایەخێک بۆ گیانی مرۆڤەکان لەناو ئەو سیستەمە بوونی نییە، بێگومان بوونەوەر و زیندەوەرەکانی تری ئەو وەڵاتە پارێزراو نابن، بۆیە تاکە چارەسەر بۆ کەمبوونەوەی خەسارەتە ژینگەیی و مرۆییەکان نەمان و لەناوچوونی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەیە بە هەوڵ و تێکۆشانی تێکرای نەتەوەکانی ئێرانە.