هه‌ینی 

14 به‌فرانبار 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماسی ئیدئۆلۆژیک نەک بەرژەوەندی

دیپلۆماسی ئیدئۆلۆژیک نەک بەرژەوەندی

کامیل نورانی فەرد

کامیل نورانی فەرد
لە ئاستی نێونەتەوەیی دا هەموو کایە سیاسیەکان لەسەر ئەساس و بنچینەی کۆمەلێک پێوەر و ئیستانداردی جیهانی بونیاد نراون و پێوەرەکانی وەک بەرژوەندیی هاوبەش و دەسکەوت و رێژەی یارمەتی گەیاندن بە یەکتر بنەمای دۆستایەتی و لێک نزیکبوونەوەی وەڵاتانی دارشتووە و وەڵاتان لەسەر زۆرترین بەرژوەندیی و قازانج دۆست و هاوپەیمانەکانی خۆیان دیاری دەکەن.
بەلام بە پێچەوانەی ئەو یاسا گشتی و نێونەتەوەییە، دەسەڵاتدارانی رژیمی ئاخوندی لە هەمان یەکەم چرکەکانی بە تاڵان بردنی دەسکەوتی خەڵک و چوونە سەر تەختی دەسەڵات، بنەمای سیاسەتی دیپلۆماسییان لەسەر بنەما ئیدئۆلۆژییە مەزهەبیە فاشیستیەکانی خۆیان دارشتووە و ساڵیانێکی دورودرێژە ئەو سیاسەتە زیانبار و شکست خواردووە درێژە پێ دەدەن.
لەقۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی حکوومەتداری ئەو سیستەمە بە جوانی دەتوانین ئاستی شکست خواردوویی ئەو سیاسەتەمان بۆ دەربکەوێ‌. دژایەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و دیاری کردنیان وەک دژمنانی ئەو وەڵاتە و کار پێکردنی رێنوێنیەکانی خومەینی لە چوارچێوەی هەناردە کردنی شۆرشی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکان ئەو بنەما سەقەت و نەزانانەیە بووە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کراوەتە وەزنەی تەرازوو بۆ هەڵسەنگاندنی دۆست و هاوپەیمان و دژمن و نەیار.
ئاخوندان بە ئامانجی دژایەتی ئەمریکا هەمیشە سیاسەتی نزیکایەتی لە وەڵاتانی ئەمریکای لاتینیان گرتۆتە پێش و زۆر جار شاهێدی دەست و دڵبازییەکانی ئاخوندان لە هەمبەر ئەو وەلاتە بێ خێر و بێرانە بووینە و یارمەتیە بێ بەرانبەرەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەو وەڵاتانە هەمیشە جێگەی نارەزایەتی مشت و مڕ بووە، تەنانەت لە ناو پارلەمان و نێوخۆی سیستەمیش.
ئەحمەدی نەژاد لەماوەی سەرۆک کۆمارییەکەی تاکە دۆست و هاوپەیمانی وەڵاتانی ئەمریکای لاتین بوو و گەورەترین هاوپەمانیشی هۆگو چاوێز سەرۆک کۆماری وێنێزۆئێلا بوو. 
پاش ئەوەی کە روحانی بوو بە سەرۆک کۆمار، تیمی ناوبراو سیاسەتی نزیکایەتی زۆری دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد لە وەڵاتی وێنێزۆئیلایان کۆتایی پێهنا و هەوڵی نزیکایەتی زیاتر لە دراوسێکان و وەڵاتانی رۆژئاوایان لە دوای گرتنە پێشی سیاسەتی نەرمیشی قارەمانانە دا. بەڵام لە پاش شکستی ئەو سیاسەتە و شێوانی نێوان ئێران و وەڵاتانی رۆژئاوایی و لەسەرووشیانەوە ئەمریکا و سەپاندنی قورسترین تەحریمەکانی مێژووی وەڵاتی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هاوکات شکستی ئابڕووبەرانەی سیاسەتەکانی ئێران لەناوچەکە وەک عێراق و لوبنان و سوریا و بە جۆرێک پاشەکشە و بڕینەوەی دەستی ئێران لەهەموو ئەو وەڵاتانە و سەرهەڵدانی دەنگی نارەزایەتی گەلان لە چوارچێوەی دەرکردنی ئێران لە وەڵاتەکانیان، دووبارە لەماوەی یەک دوومانگی رابردوو شاهێدی گۆرانکاریەکی نوێ لەلایەن تارانەوە بە نیسبەتی سیاسەتیان لە هەمبەر وەڵاتی وێنێزوئیلا بووینە.
رۆژی 20ی جۆزەردان فرۆکەکانی هەڵگری یارمەتیەکانی ئێران بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا لەو وەڵاتە لە زەوی وێنێزوئیلا نیشتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بە هەموو یارمەتیەکانی یونیسێف و رێکخراوی بێهداشتی جیهانی و چین و کورەی باشوور و روسیا و ئیمارات و قەتەر و باقی وەڵاتان، رژیم ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە دیسان بۆ رووبەرووبوونەوەی کاریگەری ئەو نەخۆشیە پێویستیان بە 5 میلیارد دۆلار قەرز لە سندوقی نێونەتەوەیی هەیە. هاوکات لەگەل ئەوەش لە ئێستادا کە بە هۆی ریعایەت نەکردن و بێ باوەربوون بە رێوشوێنەکانی قەرەنتینە لە لایەن دەوڵەت و هاتنی شەپۆلی دووهەم کارەساتی نەخۆشیەکەی بەربڵاوتر کردۆتەوە، ناردنی یارمەتی بۆ وێنێزۆئیلا جێگەی تێرامانە. جیاواز لەوەش ماوەێک لەمەوپێش ئێران 5 نەوتکێشی هەڵگری یەک ملیۆن و نیو بۆشکە سووتەمەنی بە نرخی 45 میلیۆن دۆلاری ناردبوو بۆ وێنێزۆئیلا و هەروەها یارمەتی بۆ زیندووکردنەوەی پالاوگەکانی ئەو وەڵاتەی دابین کردبوو.
پرسیارەکە ئەوەیە قازانجی ئەو نزیکایەتی و یارمەتیانە دەبێ چی بێ بۆ دەسەڵاتداران و خەڵکی ئێران ؟ وەڵاتـی وێنیزۆئیلا لەئاستی جیهانی خاوەنی چ پێگە و هێزێکە؟ رەوشی باقی وەڵاتانی ئەمریکای لاتین چۆنە؟
وەڵاتی وێنێزوئیلا بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە ساڵی رابردوو هەڵاوسانی 800 هەزار لەسەدی تۆمار کرد و زیاتر لە 5 میلیۆن کەس تەنیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لەو وەڵاتە هەڵاتوون و ئاڵۆزییە سیاسیەکان لەو وەلاتە بە کردەوە هەموو جوڵەیێکی پەک خستووە. دوو وەڵات کە لەو پەری قەیران و رۆژە سەختەکانی مێژووی دسەڵاتدارییان دەژین .
ئەو رەوشە ناهەموارە لە باقی وەڵاتانی ئەمریکای لاتینیش هەروایە و لەوەڵاتی نیکاراگۆیە دانیێل ئۆرتیگا بە هۆی سەرکووتی بەربڵاوی خەڵک هیچ خۆشەویستیەکی نەماوە و لە برێزیل و ئیکوادۆریش چەپەکانی شکستیان خواردوو و بەرەی راستڕەو هاتوونەتە سەرکار و هەر بۆیە هیچ کام لە وەلاتانی جێگەی باوەری رژیم لە ئەمریکای لاتین خاوەنی هیچ پێگە و نفوزیک نین.
بێگومان هیچ قازانجێکی سیاسی و ئابووری لەو پێوەندییەدا بۆ خەڵکی ئێران وەدەست نایەت و تاکە هۆکار لەو باج دانەی دەسەڵات، قەڵسە گێران و لە دژایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و بە پێی لێکدانەوە سەقەتەکانی دەسەڵاتدرانی تاران وابیر دەکەنەوە کە ئەو جۆرە پێوەندیانە دەتوانێ‌ کاریگەرییەکی لەسەر دەوڵەتی ئەمریکا هەبێ. ئەمریکایێک کە تەنانەت روسیە لە زۆر شوێن ناچار بە پاشەکشێ دەبێ لەبەرانبەر سیاسەتەکانی ئەو وەڵاتە.
ئەو باج و یارمەتیە بێ بەرانبەرە بەربڵاوانەی دەسەڵاتی ئاخوندی کە لەسەر حیسابی بژێوی و رەوشی ژیانی خەڵک بۆ وەدەست هینانی سۆزی وەڵاتێکی بێ خێر و بێر دەیکات، تەنیا دەتوانێ‌ دەرخەری شکستی دیپلۆماسیەتی ئاخوندان بێ و پەلەقاژە بێ سوودەکانی سیاسی تاران پێش دارمانی یەکجاریی نیشان ئەدا.


4 ساڵ و 6 مانگ و 22 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 9 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

دیپلۆماسی ئیدئۆلۆژیک نەک بەرژەوەندی

دیپلۆماسی ئیدئۆلۆژیک نەک بەرژەوەندی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن